«

Aug 06

Print this Post

پەیامەکانی داودئۆغلو

سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د داودئۆغلوی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ هه‌ولێر و دواتریش بۆ كه‌ركووك، زۆر په‌یامی هه‌بوو بۆ هەولێر، بۆ به‌غدا و بۆ كه‌ركووكیش، په‌یامه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ توركیا یاریزانێكی گرنگ وبه‌هێز وسه‌قامگیره‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

به‌ڵام بابزانین یه‌كه‌مجار داودئۆغلو چ په‌یامێكی ره‌وانه‌ی توركیا كرده‌وه‌.

لە کاتێکدا کە بەیاننامەی کۆبونەوەکە کەلە سایتی سەرۆکایەتی هەرێم بلاوبۆتەوە وباس لە پێویستی خاڵیبوونی سوریای نوێ:” له‌ هه‌ر گرووپ یا رێكخراوێكی توندڕه‌و و تیرۆریستدەکات وهه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رده‌وامی راوێژكردن و هاریكاری به‌شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاشتی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ دابێت”. مانشێتی رۆژنامەکانی تورکیا جیاواز بوون. رۆژنامه‌ی (حوڕییه‌ت)ی توركی به‌م شێوه‌یه‌ بوو: “بارزانی به‌ڵێنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مەترسی هاوبه‌شی دا“. له‌ هه‌مان رۆژدا رۆژنامه‌ی( توركیا)، قسه‌یه‌كی داود ئۆغلۆی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێ بارزانی په‌یامه‌كه‌ی پێگه‌یشت“. ئەوەی جێی سەرنجە کە سایتی وەزاراتی دەرەوەی تورکیا هیچی لە بارەی سەردانەکە بلاو نەکردۆتەوە.

ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی تورکیا، له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌شی بۆ ئه‌مدیو سنوور، كورد گرنگییه‌كی زۆریان به‌و سه‌ردانه‌دا، وا ته‌ماشاكرا كه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ی داود ئۆغلو رۆڵی گرنگی ئێستای هه‌ولێر ده‌سه‌لمێنێ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی هەرێم.

ئه‌و سه‌ردانه‌ ئاماژه‌یه‌ك بوو به‌وه‌ی كه‌ هه‌ولێر هه‌ندێ كارتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و كۆبوونه‌وه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی كوردی سووریا لێره‌ ئه‌و خاڵه‌ی سه‌لماند.

هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ردانه‌ ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوور له‌ به‌غدا و هێمایه‌ك بوو به‌وه‌ی كه‌ بۆ توركیا، هه‌ولێری بەلاوە گرنگتره‌ له‌ به‌غدا.

په‌یامێكی دیكه‌ كه‌ خه‌ڵكی ئێره‌ پێیگه‌یشت ئه‌وه‌بوو كه‌ رێگه‌ی كه‌ركووك ئێستا به‌ هه‌ولێردا ده‌ڕوات و توركیاش بە یەک چاو سەیری پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌ دەکات. به‌ واتایه‌كی دیكه‌، هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ توركمانه‌كان نییه‌ و سه‌ره‌ڕای وتاره‌ مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی له‌ باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی، به‌ڵام به‌ڵێنی پشتگیریكردنی توركیا بۆ كه‌ركووك، ئاماژه‌یه‌كی گرنگبوو به‌وه‌ی ئه‌وان له‌داهاتوودا پلانی زۆریان هه‌یه‌ بۆ ئەوشارە.

هه‌موو ئه‌م په‌یامانه‌ له‌چواچێوه‌یه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌ كه‌ دەوروبەری تورکیا سه‌قامگیر و دۆستانە بێت. ره‌نگه‌ سیاسه‌ته‌كه‌ی داودئۆغلو به‌وه‌ی کە تورکیا سفر كێشه‌ی هه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك له‌زۆربەی ناوچه‌ی كوردیەکانی عیراق یان سووریا یان ئێران سه‌ركه‌وتووبێت، به‌ڵام ئه‌و سفر كێشه‌یه‌ له‌سه‌ر سنووری توركیا ده‌وه‌ستێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی هێشتا وه‌ڵامی دیارنییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا توركیا دەتوانێ ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێ و ئه‌و په‌یامه‌ بۆ لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بنێرێت ئەگەر خۆی هه‌مان كێشه‌ی هه‌بێت له‌ ناو توركیا؟

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌، ده‌كرێ توركیا لە خۆی بپرسێت کە ئایا دەتوانێت ڕێکا بە وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بدات کە بچێته‌ شاری دیاربه‌كر و هه‌مان ئه‌و قسانه‌ به‌خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ بڵێ كه‌ داودئۆغلو له‌ شاری كه‌ركووك باسی کرد، ئایا توركیادەتوانی چاوپۆشی له‌وجۆره‌قسانە بكات؟ قورسی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ زه‌حمه‌تی ده‌كات بۆ توركیا رۆڵی براگه‌وره‌ بگێڕێت له‌ ناوچه‌كه‌، سه‌ره‌ڕای هێز وده‌سه‌ڵاتی.

ده‌بێ توركیا چاو له‌ناوخۆی توركیا بكات و كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد بكات له‌ وڵاته‌كه‌ی. ته‌نیا ئه‌وكات توركیا ده‌توانێ رۆڵی یاریزانێكی به‌هێز و سه‌قامگیر بگێڕێ له‌ ناوچه‌كه‌ و رۆڵێك كه‌ بڕیار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی ناوچه‌كه‌ بدات و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی به‌ یه‌ك زمان قسه‌ بكات.

Permanent link to this article: http://k.hiwaosman.com/?p=180

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>