«

»

Jul 31

Print this Post

وتارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

وتارەكەی سەرۆك بارزانی دەربارەی قەیران و مەسەلەی لابردنی مالیكی وتارێكی باشبوو لە وەڵامدانەوەی رخنەگرانی، بەڵام دەكرا بۆ كەسانێكی دیكە، لە شوێنێكی دیكە، لەكاتێكی دیكە و بە زمانێكی دیكەبێت.

هەربۆیە وتارەكە ئەو كاریگەریەی نەبوو كە چاوەڕێی لێدەكرا، بەتایبەتی كە هاوكاتبوو لەگەڵ خراپبوونی رەوشی ئاسایش و هاتنی سوپای عێراق بۆ ناوچەكانی نزیك سنووری سووریا.

وەك چاودێرێك، یەكەم خاڵ كە لە وتارەكە سەرنجیڕاكێشام، ئەوەبوو كە لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە بەدەنگی بارزانی بڵاونەكرایەوەو دووەم خاڵیش وتارەكە بە زمانی كوردی بوو. بەتایبەتی ئێستا لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە، رای گشتی عەرەب لە عێراق دژی هەرێمی كوردستانە. بۆشاییەكانی میدیای بەغداش بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا بە دەنگی لایەنگرانی مالیكی پڕكراوەتەوەو هەمووشیان مەسەلەكە بەشێوەیەك پیشاندەدەن كە كورد هەموو شتێكی دەوێت و سنووری خۆی بەزاندووە.

وتارەكەی بارزانی باسی زۆر لەو كێشانە دەكات كە پەیوەستن بە داهاتووی عێراق بەگشتی، نەك تەنیا كورد. یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا دەربارەی داهاتووی فیدراڵی عێراقە، بەڵام ئەو راستییە لەلایەن عەرەبەوە روون نییە.

بەهۆی نەبوونی پێگەیەكی بەهێزی كورد لەنێو میدیای بەغدادا، پەیامێكی تەلەڤزیۆنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بە زمانی عەرەبی بۆ خەڵكی عێراق، خزمەتێكی باشی پێگەی كوردی دەكرد بۆ سەرجەم عێراق و وەڵامێكی بەهێزیش دەبوو لەبەرامبەر چاوپێكەوتنەكەی مالیكی لەگەڵ كەناڵی ئێن ئاڕ تی.

ئێستا وتارەكە بەتێكست هەیە بەزمانی كوردی، وەرگێڕدراوە عەرەبییەكەشی لەسەر ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەیە، تاوەكو نووسینی ئەم گۆشەیە، وتارە كوردییەكە 2900 خوێنەری هەبوو، عەرەبییەكەش 680 خوێنەر.

رۆژێك لەدوای بڵاوبوونەوەی وتارەكەش، كاتێك تەماشای ماڵپەڕە هەواڵییەكان دەكەی، جگە لە ماڵپەڕە كوردییەكان، كەمی دیكە باسیان لەو وتارە كردووە، تەنانەت رۆژنامەكەی پارتی لە بەغدا(التاخی)، كورتكراوەیەكی وتارەكەی بە عەرەبی بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندبوو كە رۆژی دواتر دەقی وتارەكە بڵاودەكاتەوە.

لەگەڵ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان گوێیان لە زۆربەی كێشەكان بووە كە لەو وتارەدا ئاماژەیان پێكراوە، پەیامێكی بێ هیوای تێدابوو سەبارەت بە داهاتووی زۆر لە كێشە هەڵپەسێردراوەكان و هەروەها ئەو مەسەلانەی كە روونكردنەوەی زیاتریان پێویستبوو.

سەرەكیترین مەسەلەش بریتیبوو لەوەی ئەگەر لەساڵی 2008 وە بڕوای بە مالیكی نەماوە، ئەی بۆچی رێككەوتننامەی هەولێر كرا، بۆچی بۆ دوو ساڵی دیكەش مالیكی كرایەوە سەرۆك وەزیران؟ ئایا ناچاركردنی بارزانی بۆ قبوڵكردنی مالیكی، وەك مەلابەختیار لە نامەكەیدا بۆ بارزانی دەڵێ، بێ بەرامبەر بوو یان مەرجداربوو؟

بۆچی ئەو وتارە یانیش وتارەكەی نەورۆز زووتر بڵاونەكرایەوە؟

ئەمەش دەمانباتە سەر خاڵی دووەم كە تایبەتە بە هەڵسوكەوتی مالیكی و ئەو ئاگاداریانەی كە وڵاتەكە بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەبەن. پێویستبوو ئاگاداركردنەوەی بەرادەوام هەبووایە لەلایەن نوێنەرانی كورد لە بەغدا كە ئەم شتە هەیە.

ئێستا وادەردەكەوێت كە بەرپرسانی كورد لە بەغدا هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ مالیكی نییە و ئەوە تەنیا هەولێرە كێشەی هەیە. پێویستبوو ئەم مەسەلەیە بەشێوەیەكی دیكە چارەسەر بكرایە و دەبووایە وێنەكە بەپێچەوانەوە بووایە.

پێویستبوو بارزانی ئەو كەسە بووایە كە كێشەكانی چارەسەر بكردایە یان لای ئەو كۆتاییان پێبهاتایە، نەك ببێتە ئەو كەسەی كە دەست بە كێشەكان بكات.

پێویستە ئەم كارانە لەلایەن نوێنەرانی كورد لە بەغداوە ئەنجامبدرێن. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ ئەو نوێنەرانەی بەرپرسیارێتیان وەرگرتووە متمانەیان پێكرابێ كە دەتوانن بیربكەنەوەو بەشێوەیەكی سەربەخۆیانە بڕیار بدەن، بەبێ ئەوەی بۆ هەموو شتێك بگەڕێنەوە بۆ هەولێر.

دوا تێبینی لەسەر وتارەكەی بارزانی ئەوەیە كە ئاماژەیەك دەدات بەوەی كە لەشوێنێكدا وەستاوەو نازانێ چی بكات، بەوەی پێشنیازی كردووە كە هەر كەسێك چارەسەرێكی باشتری پێیە با بێتە پێشەوە و هاوكاریان بكات.

بەڵام لەكاتی قەیراندا، خەڵك چاو لە سەركردەكان دەكەن بۆ وەڵام و رێنوێنی و دەبێ سەركردەكان وەڵامیان پێبێت و نەخشەرێگە دابنێن بۆ داهاتوو.

Permanent link to this article: http://k.hiwaosman.com/?p=161

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>