«

»

Jul 17

Print this Post

ئەنجوومەنی ئاسایش و مشتوومڕەكانی

ئەو مشتومڕەی لەسەر دانانی مەسرور بارزانی وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و د. خەسرەو گوڵ محەممەد وەك جێگری دروستبووە، ئاماژەیەكی روونی ئەو پەیوەندییە ناتەندروستەیە كە لەنێوان پارتە دەسەڵاتدارەكان و ئۆپۆزیسیۆنی ئەم هەرێمەدا هەیە.

هەروەها ئاماژەیەكیشە لە نەبوونی بیركردنەوەیەكی سیستەماتیكی دامەزراوەیی دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە. فایلی ئاسایش هەر لە سەرەتاوە كێشە بووە و لەسەر ئاگرێكی كزبووە. یەكەمیان، ناسنامەی هەردوو هێزی ئاسایشی یەكێتی و پارتی بوو كە سەر بە حكومەت نەبوون، پاشان مەسەلەی یەكگرتنەوەیان، پاشانیش پەسەندكردنی یاسایەكی تایبەت بەو مەلەفە و دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاسایش، دوا زنجیرەی ئەم مەسەلەیەش دەستنیشانكردنی راوێژكار و جێگری راوێژكاری ئەو ئەنجوومەنە بوو.

لە هەموو قوناخێكی پرۆسەكەدا دەسەڵات لەلایەك و ئۆپۆزیسیۆنیش لەلایەك ناكۆكیان لەسەر ئەو پرۆسەیە هەبووە و بۆچوونی جیاوازیان هەبووە لەسەر تەواوی مەلەفی ئاسایش.

هەر لە یاساكەوە بگرە كە بووە هۆی دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە بۆ دەستنیشانكردنی راوێژكار و جێگرەكەی، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بۆچوونی جیاوازیان هەبووە.

ئۆپۆزیسیۆن داوایكرد كە یاساكە بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان و هەموار بكرێت، بەڵام پارتەكانی دەسەڵات بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەكە و یاساكە جێبەجێكرا.

قۆناخی نوێی ئەم مشتومڕەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن زیانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی هەردوولا دەگەیێنێ و هەرێمەكە هەنگاوێك دوورتر دەكەوێتەوە لەوەی كە دەسەڵاتێكی سیستەماتیك و دامەزراوەیی هەبێت بە كۆدەنگی نیشتمانییەوە هەبێت.

لەكاتێكدا دەسەڵاتداران بەرگری لە بڕیارەكەیان دەكەن و دەڵێن هیچ رێگرییەكی یاسایی نییە لەوەی كە سەرۆك، كوڕەكەی خۆی لەو پۆستە دابنێ، ئۆپۆزیسیۆن سوورن لەسەرئەوەی كە دەكرا پرۆسەكە گشتگیر بووایە و بۆچوونی دیكەش بەجیدی وەبگیرایە.

لەكاتێكدا میدیا حیزبییەكان نموونەی ئەو خانەوادانە پیشاندەدەن كە وڵاتەكەیان بەڕێوەبردووە وەك بنەماڵەكانی گاندی، كێنەدی و بوش، كەچی ناوەندەكانی ئۆپۆزیسیۆن باس لەو بنەماڵانە دەكەن كە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بەڕێوەبردووە.

تۆن و ئاستی مشتومڕەكە ئاماژەیەكە بۆ ئەو جیاوازییە گەورەیەی لەنێوان هەردوولادا هەیە و مەترسییەكەی ئەمەش ئەوەیە كە دەزگاكانی ئاسایش زیانیان پێدەگات و لەوانەیە متمانەی خەڵك بەو دەزگایانە لاوازبێت.

ئاسایش لە كوردستان تاكە خاڵی باشی ئەو هەرێمەیە لەچاو ناوچەكانی دیكەی عێراق، فاكتەری سەرەكی ئەمەش هەستی خاوەندارێتی خەڵكەكەیە بەرامبەر بە شوێنەكە و ئاسایش و سەقامگیرییەكەی.

ئەو گۆڕانكارییە نوێیەش رەنگە زیان بەوە بگەیێنێت، ئەگەر پەیوەندی نێوان حكومەت و پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن وەك ئەمڕۆ بمێنێتەوە.

گۆڕینی ئەمەش بەتەواوی ئەركی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە. كە هەروەك ئاسایش، سەرۆك، سەرۆكی هەموو لایەكە و دەبێ كاربكات بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان.

بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش، پەسەندكردنی یاساكە و دەستنیشانكردنی كوڕی سەرۆك وەك راوێژكاری ئەنجوومەنەكە، دەبێ وەك واقیعی ژیان تەماشا بكرێت و لە قورسبوونی گۆڕینی ئەو بڕیارە تێبگەن و ئاگاداری ئەوەبن كە ئاسایشی هەرێمەكە نەخەنە مەترسییەوە.

بەڵام بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە سەر شانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، كە ئەركی ئەوەیە بە یەك چاو تەماشای هەموو لایەك بكات و ئەوە بسەلمێنێ كە ئەو تەنها بەهۆی ئەوە نییە كە كوڕی سەرۆكە، گەیشتووەتە ئەو پۆستە. یەكێك لە رێگەكانیش كە دەكرێ بیگرێتە بەر، ئەوەیە كە لە ماوەی بوونی لەو پۆستەدا لە كاری حیزبی دووربكەوێتەوە.

Permanent link to this article: http://k.hiwaosman.com/?p=159

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>