«

»

Jul 23

Print this Post

هەرێمی كوردستانی سووریا؟

هیوا مەحمود عوسمان

هەرێمی كوردستانی سووریا؟ بەڵێ، دەكرێ هەبێت. ئێستاش باشترین كاتە رابگەیێندرێت. ئەمڕۆ كورد لەدۆخێكدایە بووەتە یاریزانێكی بەهێز لە “سووریای نوێ”دا و هەروەها لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش. بەڵام بەشێكی زۆری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ رەوشی كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان و هاوخەباتیان لەگەڵیان، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان.

رووداوەكانی هەفتەی رابردووی كوردستانی سووریا، ئاسۆیەكی نوێی بۆ كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و كوردانی سووریا بەتایبەتی، هێناوەتە ئاراوە. ئازادبوونی شارە كوردییەكانی سووریا، كوردانی سووریا دووچاری تاقیكردنەوەیەكی نوێ دەكات.

لەكاتی بەوشێوەیەدا، بیركردنەوەی داهێنەرانە، رەنگە مێژوو بگۆڕێت و داهاتوویەكی باشت بۆ دابین بكات. بەهۆی گۆڕانكاری ناوچەكانی دیكەی سووریا و بەردەوامبوونی شەڕەكانی نێوان رژێمی ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆن، سەركردایەتی كوردیی سووریا دەتوانن ئەمڕۆ بەشێوەیەكی جیاواز رێگەكەیان هەڵبژێرن.

لەگەڵ ئەوەی شەڕەكە لەنێوان سوپای سووریای سەر بە ئەسەدو سوپای سووریای ئازادە، لەكۆتاییدا دەبێتە شەڕی نێوان سوننە و عەلەوی، كە پیشبینی دەكرێت هەمان چارەنووسی شەڕی نێوان شیعە و سوننەی عێراقی هەبێت. لەوجۆرە سیناریۆیەشدا، كورد لە پلەی دووەم دێت بۆ هەردوولا، سوننە و عەلەوییەكانی سووریا، كوردیش دەتوانێ ئەم پێگەیەی بقۆزێتەوە و خۆیان پێ بەهێزتر بكەن.

ئەو ئەنجوومەنەی كە بڕیارە سەرپەرشتی كاروباری كورد بكات و چاوەڕێدەكرێت لەم چەند رۆژەدا لە هەولێر رابگەیێنرێت، دەبێ لە یەكەم بڕیاریدا و بەبێ هیچ دوودڵییەك هەرێمی كوردستانی سووریا رابگەیێنن و هەروەك هەرێمێكی سەربەخۆ هەڵسوكەوت بكەن و بۆخۆیان كاروبارەكان بەڕێوەببەن.

ئەمەش دوو ئامانجی دەبێت، یەكەمیان پێگەی خۆیان رووندەكەنەوە لەسووریای دوای ئەسەد و بەشداریكردنیشیان لە پڕۆسەی سیاسی دیمەشق هۆكاری ئاشكرای دەبێ و ئەوكاتیش باشتر دەزانن كە بەپێی چ مەرجێك ئەوان بەشداری لە دەسەڵاتی دیمەشقدا دەكەن.

بەهۆی ترسی عەلەوییەكان لەوەی سوننەكان دەسەڵاتی وڵاتەكە بگرنە دەست، رەنگە ئەسەد وەك قازانجی خۆی ئەو هەنگاوە ببینێت كە دان بە هەرێمی كوردستانی سووریادا بنێت و وەك هەنگاوێك تەماشای بكات بۆ بەدیهێنانی سووریایەكی فیدڕاڵ، كە دەكرێ ئەمەش ببێتە دواچارەسەر بۆ وەزعی عەلەوییەكان. كە ئەوانیش كەمینەن لەو وڵاتە و نەوە كۆنەكانیان چەندەها چیرۆكی “سەركوتكاری سوننەیان” لەلایە. فیدرالی لە سووریا رەنگە وەك رێگەیەك بەكاربێت بۆ رێگەگرتن لە چەوساندنەوەی عەلەوییەكان، ئەمەش بەڕێگەی دامەزراندنی سێ هەرێمی جیاوازی وەك هەرێمی عەلەوی، سوننی و كوردی.

قازانجێكی دیكەی ئەوەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان دابمەزرێت، ئەوەیە پێگەیەكی بەهێز دەداتە كورد كاتێك باسەكان دێنە سەر دەستووری سووریای نوێ. (تائێستا لەعێراق هیچ غەیرە كوردێك بە زەحمەتە لەو رستەیە دەگات: عێراق وڵاتێكی یەكگرتووی ئارەزوومەندانەی خەڵكەكەیەتی). بەبێ هەرێمی كوردی، زۆر زەحمەتە بڵێی كە كورد هاوپەیمانێكی هاوسەنگە و شتیش زۆر لەدەستدەدەن بە مانەوەیان لە سووریادا.

بەڵام كلیلی ئەوجۆرە سیناریۆیە، یەكڕیزی ناوخۆیی كوردە. بەواتایەكی دیكە، دوو گرووپە سەرەكییەكەی كە نزیكن لە پارتی و PKK. رێككەوتنەكەی هەولێر كە ماوەیەك پێش ئێستا واژۆی لەسەركرا پێویستە رێزی لێبگیرێت و پێویستیشە رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و PKK دا هەبێ لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستانی سووریا. یاریزانێكی گرنگی ئەم بارودۆخە، توركیایە، كە وادیارە بێدەنگە لەمەڕ گۆڕانكارییەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی.

لەكاتێكی وەكو ئێستادا كە داهاتوو نادیارە، ئەوانەی واقیعی تازە لەسەر ئەرز دروستدەكەن، قازانجكاری یەكەمن و ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە كە كوردانی سووریا هەرێمە فیدرالییەكەیان بكەنە واقیع.

Permanent link to this article: http://k.hiwaosman.com/?p=157

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>