«

»

Nov 24

Print this Post

نەوتی كوردستان شەفاف بە ئینگلیزی و شاراوە بە كوردی

یەكێك لە وەزارەتە سەرنجڕاكێشەكانی حكومەتەكەی ئێمە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە. ئەو وەزارەتە یەكێكە لەو وزارەتانەی كە لە میدیاكانی رۆژئاوادا قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، هەروەهاش لەلایەن بەغدا و ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن یانیش بەنیازن كاربكەن.

ئەو وەزارەتە ئەركی پەرەپێدانی پیشەسازییەكی نوێی لە كوردستان پێدراوە كە وەبەرهێنانی بیانی رابكێشێ و بەم هۆیەشەوە كوردستان بخاتە سەر نەخشەی جیهان. ئەركێكی وا گەورە بێگومان ئەوەندە خۆشەویست نابێ لای بەغدا یانیش لەلایەن زۆربەی دراوسێیەكانەوە كە هەمیشە ویستویانە كوردستان لە پشتەوەی عێراق بێت.

هەر هەنگاوێك ئەو وەزارەتە دەیهاوێژێت، وادیارە كە دووچاری رەخنەی دەكاتەوە لەجیاتی ستایش، سەرەڕای ئەوەی ئەوان دەڵێن كە نیازیان پاكە.

مانگی رابردوو وەزارەت گرێبەستێكی گەورەی لەگەڵ گەورەترین كۆمپانیای كەرتی نەوت مۆركرد كە ئەویش كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل بوو. هەروەها كۆنفڕانسێكی گەورەشی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد، كە زۆرترین یاریزانە گرنگە نێودەوڵەتیەكانی ئەو بوارە تێیدا ئامادەبوون.

ئەو وەزارەتە لەهەموو لایەكەوە هێرشیدەكرێتە سەر. ئەوەی بەردەوام هێرشیدەكاتە سەر بەغدایە پاشانیش گرووپە ئۆپۆزیسۆنەكان دوای ئەوانیش میدیای كوردستان.

یەكێك لەو رەخنانەی كە وەزارەتەكە دووچاری دەبێتەوە سروشتی نهێنی گرێبەستییەكانییەتی. بۆنموونە گرێبەستەكەی ئیكۆسن مۆبیل لەلایەن راوێژكارێكی وەزارەتەوە لە رۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز) ئاشكراكرا كە وەڵامی لێدوانێكی بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەدایەوە. كاتێك لە كەسانی وەزارەتیش دەپرسی، ئەوان وەڵامت دەدەنەوە بەوەی پێویستە ئەو گرێبەستانە بەنهێنی بمێننەوە لەبەرئەوەی “ئەگەر بەغدا پێی بزانێت، ئەوا رێگریان لەبەردەم دروستدەكات”. ئەمەش خاڵێكە رەنگە لەجێی خۆی بێت، ئەگەر رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و غازی عێراق ئەوەندە نزیك نەبێت.

لەكاتێكدا كە رەنگە ئەمە مایەی تێگەیشتن بێت، بەڵام وەزارەت هیچ كات بەفەرمی ئەم نهێنیبوونەی كاركردنی بۆ خەڵك باسنەكردووە تاوەكو پشتگیریان بۆ خۆی بەدەستبێنێ.

جگە لەچەند خاوەن بەرژەوەندییەكی تایبەت، زۆر لە ئەندام پەرلەمان و سیاسەتمەدارانی كوردستان دەڵێن كە هیچ زانیارییەكیان سەبارەت بە پەرەپێدانی كەرتی نەوت نییە. رۆژنامەنووسانی كوردستانیش بەهەمان شێوە. لەڕاستیدا وادیارە كە هیچ كەناڵێكی پەیوەندی لەنێوان وەزارەت و خەڵكدا نییە.

ئەو وەزارەتەی كە دەبێ مۆدێرنی و پێشكەوتن بێنێتە هەرێمەكەوە، تائێستا ماڵپەڕی تایبەتی خۆی نییە! جگە لەوەی كە هیچ بوونێكی لە جیهانی میدیای دیجیتالدا نییە. لەكاتێكدا كە ئەمڕۆ بچووكترین رێكخراو ماڵپەڕی خۆی و لاپەڕەی فەیسبووك و تویتەری هەیە، وەزارەت هەموو لێدوانەكانی دەخاتە سەر ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە هەواڵەكانی دیكەی حكومەت.

لە ئەنجامیشدا، زانیاری و هەواڵی ئەو وەزارەتە لەلایەن كەسانی دیكەوە دەدرێتە خەڵك. لە رۆژنامەنووسێكی بەتوانای كوردم پرسی دەربارەی سەرچاوەكانی بەدەستهێنانی زانیاری و هەواڵی سەبارەت بە نەوتی كوردستان، لەوەڵامدا گوتی: (رۆیتەرز) و (فاینانشاڵ تایمز) سەرچاوەكانمن.

لێرەدا دەبێ بپرسین ئەی ئەو رۆژنامەنووسانەی كە تەنیا كوردی دەزانن یان هاووڵاتیانی كوردستان چ سەرچاوەیەكیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر نەوتی كوردستان! زۆربەی بڵاوكراوەو دۆكیۆمێنتەكانی ئەو وەزارەتە بە زمانی ئینگلیزین.

بەهۆی ئەو بێ ئاگاییەش هەندێجار چەند راپۆرت دەربارەی بازاڕی رەش، قاچاخچێتی و دزینی نەوت لەنێو راگەیاندنی كوردیدا بڵاودەكرێنەوە، بەبێ بوونی بنەمای زانستی بۆ زانینی راستی ئەو چیرۆكانە. لێرەدا وەزارەت مافی رەخنەی نییە چونكە جگە لە چەند جارێك كە وەزیر چاوپێكەوتنی داوەتە رۆژنامە نێوخۆییەكان، زۆر كەم كەس لە وەزارەت قسەی بۆ راگەیاندنی كوردی كردووە.

ئێستاكە، وەزارەت كاری خۆی دەكات، هاووڵاتیانیش هیچ ئاگادارنین لەوەی چی بەسەر نەوتەكەیان دێت.

چاودێرێك كە دەیەوێ لە پیشەسازی نەوت لە كوردستان زیاتر تێبگات، گوتی ” پێدەچێ وەزارەتەكە بەوەفا بێت بەرامبەر بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و لەدەرئەنجامیشدا هەموو ئەو زانیاریانەیان بۆ دابیندەكات كە پێویستیانە، كەچی خاوەنی نەوتەكە كە خەڵكی كوردستانە، هیچ زانیارییەكیان نییە”.

لە كارەكانی وەزارەتدا، دوو شت دیار نییە و زۆریش پێویستە هەبن: تێكەڵاوكردن وپەیوەندیكردن بە خەڵك و زیاتر شەفافبوون. ئەمەش تەنها بە بەخشینی زانیاری و ئاگاداركردنەوەی میدیا دەبێت لە كاری وەزارەت.

بەم شێوەیەی ئێستا و بەهۆی ئەو دوورییەی نێوان وەزارەت و هاووڵاتی: سێ روانگەی جیاواز دروستبووە: یەكەم: وەزارەت كارێكی نایاسایی دەكات بۆیە دەیەوێ بیشارێتەوە. دووەم: ناتوانێت ئەو كارە بەڕێوەببات. سێیەم: هیچ گرنگی بە هاووڵاتیان نادەات و هیچ باكی پێیان نییە.

ئەركی وەزارەتە كە ئەو روانگانە بگۆڕێت! لەبەرئەوەی هەركام لەو سێ روانگەیە راست بێت دەبێتە هۆی گۆڕینی بنەڕەتی وەزارەتەكە!

Permanent link to this article: http://k.hiwaosman.com/?p=149

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>