«

»

Dec 12

Print this Post

خەڵك میدیا دەكوژێت

جارێكی دیكە پرسیاری رۆڵی میدیا و رۆژنامەنووسان لە كۆمەڵگەدا هاتە ئاراوە، دوای ئەوەی ناوی هەزاران رۆژنامەنووس لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراقەوە هەفتەی رابردوو بڵاوكرایەوە بەمەبەستی وەرگرتنی یارمەتی لەلایەن حكومەتەوە. هۆكاری سەرەكی لە پشت ئەم هەنگاوە ئەوەیە كە ئەگەر رۆژنامەنووسان لایەنگری تۆبن، دەتوانی كاتێكی ئاسان لەحكومەتدا بەسەربەری، بەڵام ئەم بیركردنەوەیە هەڵەیە. ئەمەش لەكاتێكدا روودەدات كە زۆرینەی هەواڵەكانی ئێستا ئاماژە بەوە دەكەنكە شێوازی كاركردن لەنێو میدیادا بۆ هەتاهەتایە گۆڕاوە. رووداوەكانی زاخۆش بەڵگەیەكی دیكەبوون لە گۆڕانكارییەكانی سروشتی میدیا و شێوازی راپۆرتكردن.

لەبەرئەوەش، خەڵك و میدیا و دەسەڵاتداران لەژێر گوشاری ئەوەدان كە مامەڵەیان لەگەڵ میدیا بگۆڕن.

هەر لەمێژە رۆڵی میدیا لە هەر كۆمەڵگەیەك وابینراوە كە پردێكە لەنێوان حكومەت و خەڵك. لەسەرەتادا حكومەت و دەسەڵاتدارانی خاوەندارێتی میدیایان دەكرد و لە ئەنجامیشدا تەنیا لایەنێكی مەسەلەكان دەبینران. بەپێچەوانەشەوە ئۆپۆزیسیۆنیش بوونە خاوەنی میدیای خۆیان و بەمەش لایەنێكی دیكەی مەسەلەكان باسكران. ئەمەشیان پابەندبوو بەوەی چەند پارەت هەبوو و تاوەكو پارەی زۆرترت هەبووایە دەنگت بەرزتر و زیاتر دەڕۆیشت.

پاشان لەدوای سەردەمی یەكلایەنی میدیایی، دیاردەی جەزیرە هاتە ئاراوە و ئێمە وەك بینەر توانیمان هەردوو لایەنی مەسەلەكە ببینین، بەڵام ئەمەشیان زیاتر پابەندبوو بە بیروبۆچوونی پارەدەرەكانی ئەو تۆڕە.

بەڵام هەموو ئەو شێوازانە، تەنیا سیستەمێكی یەكلایەنە بوون، جا ئەو لایەنە حكومەت بووبێت، یان ئۆپۆزیسیۆن. بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت و بەتایبەتی دروستبوونی وێب2.0 (وێب2.0 بە توانای وەرگرتن و دانانی شت لە ئینتەرنێت دەگوترێت).

ئەمڕۆ هەروەك لەزۆربەی سەردێری هەواڵەكاندا دەیبینین، ئەمە گۆڕاوە و خەڵكەكەش بووەتە دابینكارێكی گرنگی زانیارییەكان.

ئەوە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی هەر سێ لایەنەكە كردووە. لەرابردوودا حكومەت لایەنی سەرەكی بوو بۆ دابینكردنی زانیاری بۆ میدیا و پاشانیش میدیا زانیارییەكەی دەگەیاندە خەڵك. ئەمڕۆ ئەو رێژەیە گۆڕاوە. ئەو سێ لایەنە تێكەڵاوبوون، وەك سێ ویلی نێو مەكینەیەك. هەر یەكەیان دەتوانێ دووانەكەی دیكە بسوڕێنێت ئەگەر ببێتە دەستپێشخەر بۆ گەیاندنی زانیاری.

بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، هەموو لایەنێك پێویستی بە پێداویستی جیاوازە، بەڵام هەمووشی دەگەڕێتەوە بۆ بەتوانایی و پارە. ئەگەر تەماشای هەر سێ لایەنی ئەم پێكهاتە نوێیە بكەین، بەئاشكرا دەبینین كە تەنیا لایەن كە توانای بەردەوامبوونی هەبێت خەڵكە.

حكومەتەكان بەگشتی و بەشێوەیەكی سروشتی ئەوەندە بەتوانا نین و توانای ئەوەشیان نابێ كە بۆ هەتا هەتایە بودجەی زەبەلاح بۆ میدیا دابین بكەن. میدیا رۆڵەكەی خۆی بە ئامێرێك دەبینێ كە زانیاری دابین بكات و خەڵك هوشیار بكاتەوە، ئەمەش لەسەر دەستی رۆژنامەنووسان دەكرێت و پڕۆفیشناڵیشیان توخمێكی گرنگە لە هەر كەناڵێكی میدیایی، بەڵام ئەمەشیان پڕۆژەیەكی گرانبەهایە و توانایی بەردەوامبوونی هەتاهەتایی نییە. هەتا میدیای وەك BBCیش كە پارەی لەلایەن خەڵكی بەریتانیاوە پێدەدرێت، جار جار هێرشیان دەكرێتە سەر و پرسیار لە بەردەوامبوونی شێوازەكەیان دەكەن كە خزمەتگوزارییەكی گشتییە.

تاكە رێگەی بێكۆتایی، لایەنی خەڵكە. خەڵك گەورەترین تۆڕی راپۆرتكردنە لە هەموو شوێنێك. ئێستای زۆربەی خەڵك ئامێرێكی تۆماركردن و كامێرایەكیان پێیە، زۆربەشیان دەستیان بە ئینتەرنێت دەگات و خاوەنی لاپەڕی خۆیانن لە فەیسبووك. حەز و ئارەزووی راپۆرتكردنیان و سووربوونیان لەسەر كارەكە زۆر زیاترە لە هەر میدیایەكی ئەهلی یان حكومی. حكومەت ترسی لە دابینكردنی زانیاری هەیە و میدیای ئەهلیش ترسی لەوە هەیە كە زانیاری نادروست بداتە خەڵك، بەهۆی ئەمەشەوە هەردوولایان خاون لە گەیاندنی زانیارییەكان، بەڵام میدیای خەڵك، میدیایەكی خێرا و سەرەتاییە، هەربۆیە زیاتر باوەڕپێكراوە.

ئەم راستییەش بووەتە هۆی ئەوەی گۆڕانكاری بكرێت لەوەی چۆن كاربكەین لەنێو میدیا و چۆن خۆمانی بۆ ماندوو دەكەین و بووەتە گۆڕینی ئەوەش كە چۆن مامەڵە لەگەڵ زانیاری بكەین.

لەرابردوودا كەناڵی تەلەڤزیۆن یەكێكبوو لە شوێنە گرنگەكان بۆ گرتن لەكاتی كودەتایەك یان بۆ گۆڕینی رژێمێك بۆ چوونە سەر دەسەڵات، ئەمڕۆ بە كەناڵی جەزیرە دەتوانی ئەو كارە بكەیت!

كەناڵە فەرمییەكان ەیچ مانایەكیان نەماوە! بەمزووانە ئەگەر نەشبووبێت، ئەمەش دەگۆڕێت. هەر كەسێك بیەوێ رژێم بگۆڕێت یانیش دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا دەبێ هەموو خەڵكی لەپشت بێت. لەكاتێكدا ئێمە چەند هەزار “رۆژنامەنووسێك” مان هەیە، هاوكات نزیكەی 1.1 ملیۆن بەكارهێنەری فەیسبووكیش هەیە لە عێراق كە خەریكە ئەوان دەبنە میدیای راستەقینە.

Permanent link to this article: http://k.hiwaosman.com/?p=145

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>