«

»

Dec 22

Print this Post

عێراقی دوای ئەمریكا

رەنگە كۆمارییەكانی ئەمریكا بە ئاسانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ببەنەوە، ئەوان تەنیا پێویستیان بەوەیە كە زیاتر پێداگیری لەسەر بارودۆخی عێراق بكەن و كار لەسەر ئەو بڕیارەی سەرۆك ئۆباما بكەن كە سوپاكەی پێ كێشایەوەو وڵاتەكەی پێدایە دەست ئێران و میلیشیا و هێزە دژە ئەمریكییەكان.

لەبەرئەوەی پێدەچێ بەهۆی سروشتی عەرەبی عێراق و ئەو دژایەتییەی بۆ ئەمریكا هەیانە، وادەردەكەوێت كە لەو ماوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بوون، هیچ شتێكیان بنیات نەنابێت ، ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی كە یان ئەوان بڕوایان بە ئەمریكا نەبووە یانیش بەجیدی وەریاننەگرتوون، یان لەبەرئەوەی ئەوان رقیان لە ئەمریكایە و تەنیا دەیانەوێ هەڵیانخەڵەتێنن و وای پیشانبدەن كە گوێیان لێدەگرن.

تەنیا دوای چەند رۆژێك لە وتارەكەی سەرۆك ئۆباما سەبارەت بە “عێراقی ئارام” و “سەقامگیر”، قەیرانی راستەقینەی سیاسی و ئەمنی دەستیپێكرد. هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كە وادیارە هەموو عێراقی نوێ لەسەر شتێك دروستكراوە كە ئەویش متمانەی نێوان شیعە و سوننەیە كە ئەمڕۆ سفرە.

پەیوەندی كاركردنی ئەو دوو لایەنە هەمیشە كێشەی تێدا بووە و پێدەچێ ئەو كێشانەش بۆ ماوەیەكی نادیار بەردەوامبن.

ئەمڕۆ دەبینین كە كارەكانی ئەمریكا بۆ هێوركردنەوەی ئەو پەیوەندییە، هیچ بەرهەمێكی نەبووە، هەردوولایان ئەمریكایان بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆیان بەكارهێناوە، لەكاتێكدا ئەمریكا پێیوابووە خەریكی بیناتنانی دەوڵەتە.

كاتێكیش قسە لەگەڵ بەرپرسانی كورد دەكەی، پێدەچێ ئەمریكا هیچ كارێكی نەكردبێ كە پەیوەندییەكی پتەو یان رێكوپێك دروست بكات لەنێوان كورد و عەرەب، واپێدەچێ راڕایی ئەمریكا پەیامی هەڵەی بۆ هەردوولا ناردبێت.

بەمەش عێراق نەك تەنیا دەبێتە گۆڕەپانی ناكۆكییەكانی نێوان نەتەوەكانی، بەڵكو ترسی ئەوەش هەیە ببێتە گۆڕەپانی ناكۆكییە هەرێمییەكانی نێوان شیعە و سوننە، نێوان ئێران و ئەمریكاش.

لە دەرئەنجامی بوونی ئەمریكا لە عێراق، پێدەچێ ئەمە كێشەی زۆری بۆ عێراقییەكان دروستكردبێ و هەروەها لەگەڵ دراوسێیەكانیشی بەتایبەتی ئەوانەی كە ئەمریكا بە هاوپەیمانی خۆیانی دەزانێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجیشە ئەوەیە كە تەنیا ئەو وڵاتانەی كە دژی ئەمریكان پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ عێراق هەیە و ئەمڕۆكە دوو نزیكترین وڵات لە عێراقەوە سووریا و ئێرانن ، عێراقی ئەمڕۆش بووەتە وڵاتێكی رق لێهەڵگیراوی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

ئاماژە سەرەتاییەكانی عێراقی دوای ئەمریكا خەریكە دەردەكەون، بەتایبەتی ناكۆكییەكانی نێوان شیعە و سوننە و، لەنێوان هەردوو لیستی عێراقییە و هاوپەیمانی نیشتیمانی.

لەنێو ئەم هەموو گێژاوەش، دەبێ كورد زۆر بە وردی جێگەی خۆیان بكەنەوە و دەبێ ئەوان ئاگاداربن كە رانەكێشرێن بۆ رووبەڕووبونەوە.

روون و ئاشكرایە كەوا بێ متمانەیی ئەو دوو لایەنە هەرگیز نەگۆڕاوە. لەوكاتەی “عێراقی نوێ” دروستبووە، ئەو دوو لایەنە دوژمنی سەرسەختی یەكتری بوون و سێ ساڵی رابردووی ئۆباماش پێناچێ ئەوەی گۆڕیبێت.

هەڵسوكەوتی پارتە دەسەڵاتدارەكانی عێراق بە ئاشكرا پیشانیدەدات كە كشانەوەی ئەمریكییەكان هەلێكی زێڕینی خستووەتە بەردەمیان بۆ پتەوكردنی پێگەی خۆیان. كوردیش دەبێ هەمان كار بكات و واقیعی نوێ دروستبكەن.

ئۆباما ناتوانێ بگەڕێتەوە، ئەگەر بشگەڕێتەوە ئەوا دەبێتە گاڵتەجاڕی، بەهەر شێوەیەك بێت، كۆمارییەكان كەیسێكی باشیان لەبەردەمە بۆ قسەكردن لەسەر بڕیارەكانی ئۆباما سەبارەت بە عێراق.

Permanent link to this article: http://k.hiwaosman.com/?p=143

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>