«

»

Nov 15

Print this Post

مالیكی و فۆبیای لەدەستدانی دەسەڵات

لێدوانی ئەمدوایەی مالیكی سەرۆك وەزیران، بەوەی دەستوور دەخاتە لاوەو بە تەوافوقی سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان مامەڵە دەكات، هێمایەكە بۆ لەخۆباییبوونی بە دەسەڵاتەكەی وەك “پیاوێكی بەهێز”. بە دەربڕێنێكی دیكە، لووتبەرزیی و باوەڕەی بەوەی كە ئەو هەموو شتێك دەزانێ و هەموو عیلمێكی سیاسەتی خەتمكردووە، بەوەش وای لە هەموو كەسێك كردووە كە یان لەگەڵی بێت یانیش لە دژی.

هەفتەی رابردوو لەوكاتەی كە مالیكی پێشوازی لە شاندێكی پارێزگای كەربەلا دەكرد، رەخنەی لەوانە گرت “كە دەستووریانە هەڵسوكەوت ناكەن” و، رایگەیاند كە ئەگەر دەستووری ناوێت، ئەوا بابیخەنە لاوەو بە تەوافوقی سیاسی مامەڵە بكەن. هەروەك بڵێی ئەو مایسترۆی سیاسی بێت و تەوافوقی سیاسی ئەلتەرناتیڤێك بێت بۆ بارودۆخێك كە تێیدا دەستوور رێزی لێنەگیرابێت.

بیركردنەوەی لەوجۆرە پێویستە زەنگێكی مەترسی بێت بۆ ئەوانەی كە لەگەڵین، یانیش هاوپەیمانی مالیكی نین. مەترسی ئەو لێدوانە لەوەدایە كە پیشانیدەدات ئەو هیچ كێشەیەك لەخۆیدا نابینێتەوە یانیش لە ركابەرەكانیدا. پیشانیدەدات كە مالیكی خراپی بارودۆخەكەی ئێستای خستووەتە ئەستۆی دەستوورەوە.

پێویستە ئەمە بۆ هەموو لایەك زەنگێكی مەترسیداربێت لەبەرئەوەی بەحیساب دەبێ ئەو پارێزەری ئەو دەستوورە بێت، كەچی پێشنیاز دەكات، بەلاوە بنرێت. پێویستە ئەمە زەنگی مەترسی بێت لەبەرئەوەی كردەوەی ستانداردی كاتی قەیرانی سیاسی ئەوەیە كە یەكەم كار دەبێ لابردنی ئەو كەسەبێ كە بەرپرسی یەكەمە، ئەگەر خۆی دەستی لەكار نەكێشایەوە، ئەگەریش ئەم كارە نەكرا، ئەو پێكهاتە سیاسییەی دەسەڵاتی بەدەستە لادەبرێت یان چاكدەكرێت. ئەگەر ئەوەش سەرینەگرت، ئەوا بۆ دوا هەنگاو دەستوور دەستكاری دەكرێت، بەڵام سەرۆك وەزیرەكەی ئێمە دەیەوێت یەكەم چارەسەری بۆ كێشەكان بە وەلانانی دەستوور بێت.

ئەو قسانەی، تەنیا لێدوانێك نەبوون، كە دواتر لێیان پاشگەز ببووبێتەوە. هەڵوێستی مالیكی لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین سەبارەت بە پێكهێنانی هەرێمێكی فیدرالی، هێمایەكی دیكە بوو كە ئەو خۆی لێبووەتە “پیاوی سەر راست” و ئەوانیدیكەش هەموویان هەڵەن.

داواكارییەكەی سەڵاحەدین یاسایی و دەستووری بوو، بەڵام مالیكی رەتیكردەوە بەوەی “لەكاتێكی ناوەختدایە”، بێ ئەوەی بەڕوونی ئاشكرای بكات كە كاتی گونجاو كەیە. نەك ئەوەشی نەكرد، بەڵكو یەكسەر گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی كەوا هەرێمی نوێی سوننی، هەرێمێكی تایفەگەرییە و لەڕووی سیاسییەوە دژی ئەوە و لەلایەن بەعسییەكانەوە كاری بۆكراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە كە عیزەت دوریش دژی هەرێمی سەڵاحەدینە!

كێشە هەنووكەیەكەی سەبارەت بە گرێبەستی نەوتی كوردستان و مەسەلەی گرێبەستی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل لەگەڵ كوردستان، هێمایەكی دیكەی ئەم هەڵسوكەوتەی مالیكییە. سەرەڕای سرووشتە شاراوەكەی پیشەسازی نەوت لە كوردستان، كە ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە و زۆر زیانی لە كوردستان داوە، هەڵوێستی بەغدا هەمیشە وابینراوە كەوا بەردەوام هەوڵدەدات هەموو پێشكەوتنێكی كوردستان رابگرێت.

دەبێ كورد بەئاگابن كە شەهرستانی تەنیا رووكەشە و كەسە راستەقینەكە مالیكییە، ئەو ناتوانێ هیچ بڵێت بەبێ رەزامەندی مالیكی.

هەموو هەنگاوەكانی مالیكی، دووركەوتنەوەن لەو كەسەی كە لێی چاوەڕواندەكرێت وابێت، هەر كەیسێك كە دەخرێتە بەردەمی، بەسیاسی دەیگرێت و مامەڵەی لەگەڵ دەكات و بە چاوێكی تایفەگەری یان نەژادپەرستانە تەماشای دەكات. نەتوانینی مالیكی بەوەی بەشێوەیەكی جیاواز تەماشای شتەكان بكات یان بە مانایی پرۆفیشناڵی، كردوویەتییە سیاسیەتمەدارێكی ترسدار كە ئامانجەكەی ئەوەیە حوكمێكی مەركەزی و پیاوێكی بەهێز دروست بكات.

Permanent link to this article: http://k.hiwaosman.com/?p=140

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>